پرۆژەكان چـالاکی

ئەمڕۆ پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار (مێتێکس)ـی کرایەوە، کە 250 کۆمپانیای گەشتیاری لە 20 وڵاتەوە تێیدا بەشدارن.

حکومەت پلانی هەیە تاوەکو ساڵی 2025 هەرێمی کوردستان بکاتە ناوچەیەکی گەشتیاریی گرنگی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”، ئەمە گوتەی نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانیی و گەشتوگوزار بوو لە دووەمین پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار لە هەولێر.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گەشتوگوزار (مێتێکس)ـی کردەوە، کە 250 کۆمپانیای گەشتیاری لە 20 وڵاتەوە تێیدا بەشدارن.
کەرتی گەشتیاری بووەتە یەکێک لە پێویستییەکانی مرۆڤی سەردەم، بەجۆرێک وەکو نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەڵێ “ساڵانە زیاتر لە ملیارێک و 300 ملیۆن کەس گەشت دەکەن و سوود لە خزمەتگوزارییەکانی گەشتیاری وەردەگرن، کەرتی گەشتیاری بووەتە یەکێک لە سەرچاوە سەرەکییەکانی داهات لە جیهان و 12%ـی داهاتی جیهان پێکدەهێنێت”.
نەورۆز مەولوود دەڵێ “کوردستان ژمارەیەکی بچووکە لە نەخشەی گەشتیاریی جیهان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا خاوەنی چەند بنەمایەکی گرنگی گەشتیارییە وەکو: سرووشتی جوان، هەوای سازگار، مێژوو، کولتوورێکی دەوڵەمەند و شوێنێکی نوێ و نەناسراوە لای خەڵک. زۆر گەشتیار ئارەزوویان دەبێت گەشتی بۆ بکەن، ئەگەر ئێمە خزمەتگوزاریی گەشتیاری باش دابین بکەین و شێوازی بازرگانیی گەشتیاری گەشەپێبدەین، بۆ راکێشانی گەشتیارانی بیانی”.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پلانی حکومەتی بۆ چەند ساڵی داهاتوو بۆ کەرتی گەشتیاری ئاشکرا کرد و رایگەیاند “دەستەی گشتیی گەشتوگوزار لەرێگەی پلانێکی درێژخایەنەوە پەرە بە کەرتی گەشتیاری دەدات، ئەمەش لەسەر ئەو بناغەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کەرتی گەشتیاریی کردووەتە ئەولەوییەتی هەرەلەپێشی بەرنامەی کاری خۆی… رێگەی گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری سەخت و درێژە و ئێمە هێشتا لە سەرەتای رێگاکەداین، بۆیە بە تێڕوانینێکی پڕ لە باوەڕبەخۆبوونەوە رایدەگەیەنین: تاوەکو ساڵی 2025 هەرێمی کوردستان دەکەینە ناوچەیەکی گەشتیاری گرنگ لەسەر ئاستی عێراق و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
داتاکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەریدەخەن ساڵ بەساڵ ژمارەی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان زیاددەکات، بەجۆرێک “لە ساڵی 2016 ژمارەی گەشتیاران ملیۆنێک و 600 هەزار گەشتیار بووە، لە ساڵی 2017 گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار، لە ساڵی 2018 گەیشتە سێ ملیۆن و 57 هەزار گەشتیار و ئەمساڵیش پلانمان هەیە ژمارەی گەشتیاران بگەیەنینە سێ ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار”.
نەورۆز مەولوود دەڵێ “شان بەشانی زیادکردنی ژمارەی گەشتیاران، ئاستی خزمەتگوزاریش بەرزکرایەوە… ئێستا هەزار و 28 شوێنی مانەوەی گەشتیاران لە هەرێمی کوردستان هەن، کە زیاتر لە 70 هەزار تەخت لەخۆدەگرن، نزیکەی دوو هەزار رێستۆرانت و کافێ و شوێنی خواردنی خێراش هەن و ساڵانە زیاتر دەبن”.
لە مێتێکس کە تاوەکو ئێوارەی نەورۆز بەردەوام دەبێت، چەندین ئیڤێنت و پانێڵ پێشکەش دەکرێن بۆ پێشخستنی بواری گەشتوگوزار لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت لە ئەزموونی ئەو وڵاتانە سوود وەربگرێت، کە لەبواری گەشتوگوزار پێشکەوتوون. پێشانگەکە رۆژانە لە کاژێر 10:00 بۆ 19:00 کراوە دەبێت.