ماستەر پلانی شارەکان

سەرۆكی حكوومەت بە چوار ملیار دینار گرفتی ئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ چارەسەر دەكات


سەرۆكی حكوومەت بە چوار ملیار دینار گرفتی ئاوی سلێمانی و چەمچەماڵ چارەسەر دەكات
رێژەی بەرهەمهێنانی ئاو لە 1500 مەتر سێجای ڕۆژانەوە بۆ 3200 مەتر سێجا بەرز دەكرێتەوە

دوابەدوای دانانی بەردی بناغەی شەقامی 100 مەتری لە شاری سلێمانی، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاویی و فراوانکردنی پڕۆژەی ئاوی سلێمانی – دووكان بەكڕینی سێ پەمپی جۆری سولزەریی نەمساوی و 1 ماتۆڕی ئیلین گەورە خەرج كرد، پڕۆژەكە خراوەتە پلانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار وەك بایەخدان بە دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ شاری سلێمانی و چەمچەماڵ، وێڕای ئەمە پلانەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاویی سەرجەم شار و شارۆچكەكان دەگرێتەوە.

دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ شاری سلێمانی و شارۆچكەی چەمچەماڵ پشت بە ئاوی دووكان دەبەستن لە ڕێی “پڕۆژەی ئاوی سلێمانی – دووكان”ـەوە ئاو بۆ ھەردوو شارەکە دابین دەکرێت، بەڵام بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان و پێویستیی زیاتری ھاووڵاتییان بە ئاوی خاوێن، پرۆژەکە پێویستی بە فراوانکردن بوو بۆ ئەوەی ڕێژەی دابینكردنی ئاوی خاوێن بەرز بكرێتەوە و کێشەی ئاو لەو شوێنانە چارەسەر بکرێت، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە پلانی دایە گرفتی ئاو لەو شارانە چارەسەر بكات و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش زیاتر لە چوار ملیار دیناری بۆ ئەو مەبەستە تەرخانكردووە.

مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وێڕای گرفتە دارایییەكان، لەبەر گرینگیی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ دانیشتوانی شاری سلێمانی و شارۆچكەی چەمچەماڵ، بڕیاری دا بە خەرجكردنی زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ فراوانکردنی پڕۆژەی ئاوی سلێمانی – دووكان، ئەویش بە كڕینی سێ پەمپی جۆری سولزەریی نەمساوی و 1 ماتۆڕی ئیلین گەورە، بەگەڕخستنی ئەو پەمپانە رێژەی بەرهەمهێنانی ئاو بەرز دەكەنەوە و دەبێتە هۆی چارەسەركردنی گرفتی ئاو لەو شوێنانە، ئەمەش لە چوارچێوەی پلانەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردایە بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاو لە هەرێمی كوردستان بە گشتی.

گرینگی ئەو پەمپ و ماتۆری ئاوانە لەوەدایە، بەهۆیانەوە رێژەی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان بەخێرایی بەرزدەبێتەوە، واتە بە دانان و بەگەڕخستنی ئەو ماتۆر و پەمپانە بۆ پڕۆژەی ئاوی سلێمانی – دووكان بەشێوەیەكی بەرچاو ڕێژەی بەرهەمهێنانی ئاو لە 1500 مەتر سێجای ڕۆژانەوە بەرز دەبێتەوە بۆ 3200 مەتر سێجا، واتە زیاتر لە دوو هێندەی بەرهەمی ئێسای ئاو بۆ ئەو دەڤەرە، ئەمەش وەك پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە جێبەجێ دەكرێت بەمەبەستی دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان لە سەرجەم شار و شارۆچكە و ئەو گوندانەیشی پێویستییان بە پڕۆژەی ئاوی خاوێن هەیە بە تایبەتی لێدانی بیر. دابینكردنی ئەو پارەیەش تەنیا سلێمانی ناگرێتەوە، بەوپێیەی لە كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا بایەخێكی زۆر بە چارەسەركردنی گرفتی كەمئاویی دراوە بەجێبەجێكردنی پرۆژەی نوێی ئاو و نۆژەنكردنەوەی پرۆژە كۆنەكان و هەروەها كەمكردنەوەی رێژەی بەكارهێنانی ئاوی ژێر زەوی (بیرەكان) و لە بەرانبەردا زیادكردنی بەرهەمێنانی ئاوی خاوێن لە ئاوی سەر زەوی بۆ پاراستنی سامانی ئاو، وێڕای ئەمانە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كار دەكات بۆ پاراستن و رێگریكردن لە بەفیرۆدانی ئاو لەلایەن هاووڵاتییان لە ماڵان و شوێنە گشتییەكان.

راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار