پرۆژەكان

بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاو لە سلێمانی و چەمچەماڵ چوار ملیار دینار تەرخان كرا

بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت بۆ چارەسەركردنی گرفتی ئاو لە سلێمانی و چەمچەماڵ چوار ملیار دینار تەرخان كرا

بڕی زیاتر لە چوار ملیار دینار بەمەبەستی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاویی لە شاری سلێمانی و شارۆچكەی چەمچەماڵ تەرخان كرا، وێڕای ئەوەی فەرمانگە شارەوانییەكان بەردەوام كار دەكەن بۆ نەهێشتنی گرفتی كەمئاوی، بەڵام هێشتا لە هەندێ شوێنی سەنتەری شاری سلێمانی و شارۆچكەی چەمچەماڵ گرفتی كەمئاویی هەیە و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەیەوێت گرفتی كەمئاویی لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان چارەسەر بكات.

بە فەرمانی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕی زیاتر لە چوار ملیار دینار بۆ چارەسەرکردنی گرفتی کەمئاویی لەناو شاری سلێمانی و شاری چەمچەماڵ تەرخانکرا. وەك پێشتریش راگەیەندراوە گرفتی كەمئاویی زۆرجار بەهۆی زۆری خواست لەسەر ئاو و زێدەڕۆییكردن لە بەكارهێنانیدا روودەدات و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش دەیەوێت گرفتی ئاو دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان چارەسەر بكات، هاوكات ئەو سامانە نیشتمانییەش لە زێدەڕۆییكردنە سەری بپارێزێت.

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سێكتەری ئاوی بە یەكێك لە سەرەكیترین سێكتەرەكان داناوە و كار دەكات بۆ ئەوەی رێژەی ئاوی سەر زەوی زیاد بكات و بەكارهێنانی ئاوی ژێر زەویش كەم بكاتەوە بۆ ئەوەی گرفتی كەمئاویی لە تەواوی شار و شارۆچكەكان نەمێنێت و سامانی نیشتمانیی ئاویش پارێزراو بێت.