چـالاکی

لە دەستپێشخەرییەکی گرنگدا، دادگایەكی تایبەت بە زێدەڕۆیی لەناو باڵەخانەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پێك دەهێندرێت


لە دەستپێشخەرییەکی گرنگدا، دادگایەكی تایبەت بە زێدەڕۆیی لەناو باڵەخانەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پێك دەهێندرێت

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ رووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پێوەندیدار و بەگوێرەی ماددەی 10ی یاسای 3ی ساڵی 2018ی (یاسای رێگری لە زیادەڕۆیی و لابردنی لەسەر زەوی و زار و موڵكی دەوڵەت)، كە لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كراوە، کارئاسانی بۆ پێکهێنانی دادگەی تایبەت بە زێدەڕۆیی لە پارێزگەكان دەکات و لەئێستاشدا وەك هەنگاوی یەكەم لە پارێزگای سلێمانی، لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، دەست بەجێبەجێكردنی پرۆسەی پێكهێنانی دادگەیەكی تایبەت بە زێدەڕۆیی کراوە.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پرۆسەی پێكهێنانی دادگەی تایبەت بە زێدەڕۆیی لە پارێزگاكان بۆ دادگاییکردنی ئەو کەسانەی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر زەوی و موڵکی دوڵەت، لەگەڵ سەرۆکی شارەوانیی سلێمانی، ئەندازیار توانا کەمال تاوتوێی پێکهێنانی ئەو دادگایەی کرد و دەستخۆشیی لێکردن کە هەڵستاون بە هەماهەنگی لەگەڵ دادگەی تێهەڵچوونەوە و دادگەی کەتن، بۆ کردنەوەی دادگەکە لەناو باڵەخانەی سەرۆکایەتیی شارەوانی، جەختیشی کردەوە هاوکار و پاڵپشت دەبن بۆ کارەکانی دادگەکە و سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بەڕێوەچوونی پرۆسەی رووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی.

هەر سەبارەت بە پێکهێنانی دادگەی تایبەت بە زێدەڕۆیی لە پارێزگاکانی دیکەش، ساسان عەونی رایگەیاند: پرۆسەی پێكهێنانی دادگەی تایبەت بە زێدەڕۆیی ئێستا لەناو باڵەخانەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پێكهاتووە و دەستپێشخەری و کارێکی باشی سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانییە، هیوادارین لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش هەمان دادگەی تایبەت پێك بێت، بۆ ئەوەی بەگوێرەی یاساكەی پەرلەمان رووبەڕووی زێدەڕۆیی ببینەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار پێکهێنانی ئەو دادگە تایبەتمەندەی بە پێویستزانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی لە پارێزگاكان و شار و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان.

سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی و دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی و دادگای كەتن، بەگوێرەی ماددەی 3 لە یاسای ساڵی 2018 دادگایەكی تایبەت بە زێدەڕۆیی لەناو باڵەخانەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی پێك دەهێنن بۆ رووبەڕووبوونەوەی زێدەڕۆیی لەسەر زەوی و موڵكی دەوڵەت، ئەمەش بەگوێرەی یاساكەی پەرلەمان كە لە ماددەی 10دا هاتووە: لە ناوەندی هەر پارێزگایەك دادگایەك پێك دەهێندرێت و لە قەزاكانیش دادوەرێك دەستنیشان دەكرێت بۆ تێڕوانینی زیادەڕۆییەكان و ئەو دۆسیانەی پەیوەستن بە زیادەڕۆی بە دۆسیەی پەلە ئەژمار دەكرێت.

پێكهێنانی دادگەی تایبەت بە زێدەڕۆیی پرۆسەی دادگاییكردن و سزادانی كەسانی زێدەڕۆكار خێرا دەكات، كە ئەمە گرفتێكی بەردەم فەرمانگە شارەوانییەكانە بەوەی كەسانی زێدەڕۆكار سوود لە نەبوونی دادگایەكی لەمجۆرە دەبینن، بۆیە پێكهێنانی ئەو دادگا تایبەتە پرۆسەی سزادان و دادگاییكردنی كەسانی زێدەڕۆكار خێراتر دەكات. ئەمەش لەكاتێكدایە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەپێناو بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بڕیاری بەخاوەنكردنی (تاپۆكردن) ئەو خانووە زێدەڕۆییانەیشی داوە كە لەپێش مانگی ئاداری ساڵی 2018 بەشێوەی زێدەڕۆ لە سەرجەم شار و شارۆچكەكان دروستكراون.

راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار