پرۆژەكان

ساسان عەونی: لە كاتی كۆرۆنادا ئەولەویەتی حكوومەت و جەنابی سەرۆكی حكوومەت پاراستنی هاووڵاتییان بوو

بڕیارەكانی حكوومەت گرفت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكان دروست ناكات

ساسان عەونی: لە كاتی كۆرۆنادا ئەولەویەتی حكوومەت و جەنابی سەرۆكی حكوومەت پاراستنی هاووڵاتییان بوو

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، دەڵێ هاووڵاتییان چەقی بایەخدانی حكوومەت و جەنابی سەرۆكی حكوومەتن، دەشڵێ پرۆسەی چاكسازی لە كابینەی نۆیەم بەردەوام دەبێت و چەند لیژنەیەكیش پێكهێنراون، پڕۆژە و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانیش لە هەموو سێكتەرەكان بەردەوام دەبن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش حكوومەتێكی كارایە و سەركەوتوو دەبێت لە تێپەڕاندنی قەیرانەكان و خزمەتكردنی هاووڵاتییاندا. سەبارەت بە پاڵپشتیی هەرێمی كوردستانیش بۆ كابینەكەی مستەفا كازمی، رایدەگەیەنێت دامەزراوە باڵاكانی هەرێمی كوردستان هەر زوو پاڵپشتی خۆیان بۆ مستەفا كازمی راگەیاند.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە رێنماییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی كوردستان گوتی: هاووڵاتی چەقی بایەخدانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، حكوومەت و شەخسی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاووڵاتییان وەك چەقی بایەخدانی حكوومەت تەماشا دەكات، هەر بۆیە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، پاراستنی خەڵكی كوردستانی كردە ئەولەویەت و گوتی زیانی ئابووری دەكەین، بەڵێ، بازاڕ رادەوەستێ، بەڵێ، بەڵام گرنگ ئەوەیە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان پارێزراو بن و بەو پەتای كۆرۆنایە لەناو نەچن، بۆیە پاراستنی هاووڵاتییان چەقی بایەخدانی جەنابی سەرۆكی حكوومەتە.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان راشیگەیاند: پرۆسەی چاكسازی لەدایكبووی ساتەوەختێكی دیاریكراوی ئێستا نییە، بەڵكوو هەر لە بنەمادا كە كابینەی نۆیەمی حكوومەت دروستبوو لە كارنامەی كاری حكوومەتدا بابەتی چاكسازی یەكێك لە پێكهێنەرە سەرەكییەكانی ئەو حكوومەتە بووە، هەر لە یەكەم رۆژی دەستبەكاربوونیشییەوە بە ئاراستەی جیاجیا كاری لە بواری چاكسازیدا كردووە، لە ماوەی چەند مانگی رابردووی تەمەنی حكوومەتیشدا هاووڵاتییان بە ئینسافەوە دەتوانن ئاماژە بە سەركەوتنە گرنگەكانی حكوومەت بكەن، لە چاكسازی و لە هەموو بوارەكان، لە دەوامكردن و راییكردنی مامەڵەی خێرای هاووڵاتییان، لە هەروەها خۆدۆزینەوەی هاووڵاتییان كە حكوومەت حكوومەتی هاووڵاتییانە و ئەمەش یەكێكە لە دروشمەكانی كابینەی نۆیەم.

گوتیشی: بابەتی چاكسازیش تەنیا پەیوەست نییە بە بابەتی دارایی و داهات و سەرچاوەكانی داهات كە بێگومان ئەمە یەكێك لە جومگە گرنگەكانی بابەتی چاكسازی، بەڵكوو حكوومەت لەو كاتەی دەستبەكاربووە لە بواری دیكەشدا چاكسازی كردووە، چاكسازی لە هەیكەلیەت كردووە و بەردەوامیشە لە چاكسازكردن لە هەیكەلیەت و لەو بوارەشدا چەندین لیژنەی تایبەتمەندی پێكهێناوە، چاكسازی لە بواری یاسایی، پێداچوونەوە و هەمواركردنی پڕۆژەیاساكانی وەزارەتەكان و ئەو یاسایانەی كە پەیوەستن بە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتییان، هەروەها ئەو بڕیارانەی كە لە 27مین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان دران و پێشتر كە یاسای ژمارە (2)ی چاكسازی كە ئەمساڵ لە پەرلەمانی كوردستان پەسەند كرا و كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پێڕەوێكی تایبەتی بۆ جێبەجێكردنی ئەو یاسایە لە مانگی چوار پەسەند كرد و ئێستاش لە بەردەستی هەموو وەزارەتەكاندایە و ئەو بڕیارانەی لە كۆبوونەوەی 27ی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچوون، وەزارەتەكان پابەند دەكات كە هەر لە یەكەم رۆژی دەوامكردنەوە دەست بە جێبەجێكردن كرا، هەر وەزارەتێك بەگوێرەی تایبەتمەندی خۆی لەو شەش بوارەی كە پێڕەوی یاسای چاكسازی دەیانگرێتەوە لەمەودا دەستبەكار دەبن.

هەروەها وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی سەبارەت بە دۆخی سیاسی عێراق و كاریگەرییەكانی لەسەر هەرێمی كوردستان رایگەیاند: هەر ئاڵۆزییەك لە بەغدا كاریگەری راستەوخۆی لەسەر هەرێمی كوردستانیش دەبێت، هەر وەك بینیمان ئەو رێككەوتننامەی كە پارساڵ كرا، دەبوو جێبەجێ بكرێت، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكانی بەغدا و دەستلەكاركێشانەوەی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی، رێككەوتننامەكە پشتگوێخرا و جێبەجێ نەكرا، بە هەمان شێوە سەقامگیریی حكوومەتی بەغدا و حكوومەتێكی هاوسەنگ، حكوومەتێك كە دوور بێت لە تائیفیەت و هەموو پێكهاتەكانی عێراقیش بە یەك چاو و بەڕێزەوە تەماشا بكات، نەك تەنیا روئیای خزمەتگوزارییەكەی رووی لە لایەك بێت و پێكهاتەكانی دیكەش فەرامۆش بكات، بەدڵنیاییەوە كاریگەرییەكی زۆر باشی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.

سەبارەت بە هەڵوێستی هەرێمی كوردستان لەبارەی مستەفا كازمی كە ئەمڕۆ متمانەی پەرلەمانی عێراقی وەرگرت، ساسان عەونی گوتی: دامەزراوە باڵاكانی هەرێمی كوردستان هەر زوو پێشوازییان لەوە كرد كە بەڕێز كازمی ببێتە سەرۆكوەزیران، ئەمەش بە تەئكید كاریگەری باشی دەبێت و هەر سەقامیگرییەكی سیاسیش لە بەغدا كاریگەری باشی لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت، هیواخوازین ئەو گرژیانەی چەند مانگی رابردوو كۆتاییان بێت و هەموو پێكهاتەكانی عێراق شایەنی حكوومەتێكن كە خزمەتێكی باشی خەڵك بكات.

لەبارەی رێككەوتنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی نوێی عێراقیش، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار رایگەیاند: هەفتەی رابردوو شاندێكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بوون و ئێستاش هەمان شاند بە سەرۆکایەتی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکوومەت لە بەغدان و خەریكی گفتوگۆن، چونكە لە سیاسەتدا هەرگیز رێگەی داخراو نییە و بەردەوام گفتوگۆ و دانوستاندن هەیە، هەندێ نیازی خێریش لە بەغدا لە لای لایەنە سیاسییەكان هەیە، بەڵام گرنگ ئەوەیە خەڵكی كوردستان و كورد لە بەغدا یەكدەنگ بن و هەر زوو ئەو دەنگانەی بەناو كوردن، بەڵام لە دژی بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەژارو خەڵكی كوردستانن، هۆشداریان پێبدرێت كە چیتر دژی بەرژەوەندییەكانی كوردستان نەبن.

سەبارەت بە سەرچاوەكانی داهاتی هەرێمی كوردستانیش، گوتی: ئێمە سێ جۆر داهاتمان هەیە و حكوومەتیش زۆر شەفافە لە ئاشكراكردنی داهاتەكانی فرۆشتنی نەوت كە لەژێر چاودێری كۆمپانیای دیلۆیت دایە كە راپۆرتەكان بە شەفافی بڵاو دەكاتەوە، سەرچاوەی دووەمیش داهاتە ناوخۆییەكانمانە، ئەوەی كە لە رسومات و زەریبە و ئەو بابەتانەوە دێن، هەروەها سەرچاوەی سێیەمیش ئەو مووچە و بوودجەیە لە بەغداوە بۆ هەرێمی كوردستان دێن كە بە داخەوە هەموو جار دەكرێتە كارتێك بۆ ئازاردانی خەڵكی كوردستان، بەداخەوە هەندێ پەرلەمانتاری كوردیش هەن بە حیساب نوێنەرایەتیی خەڵكی كوردستان دەكەن، كەچی لە بەغدا دژی مافەكانی خەڵكی كوردستان و ئەو مووچە و داهاتەن كە پێویستە وەكو بەشێك لە عێراق بۆ هەرێمی كوردستانیش بێت.

لەبارەی ئەو بڕیارانەی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دران و كاریگەرییان لەسەر پڕۆژە و سێكتەرە خزمەتگوزارییە گشتییەكان، گوتی: ئەو بڕیارانەی لە لایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە دران، هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر دابینكردنی ئەو گوژمانە نابێت كە بۆ بەردەوامی خزمەتگوزارییە گشتییەكان پێشكەشی هاووڵاتییان دەكرێن، هەر وەك لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆش دابینكردنی ئاوی خواردنەوە بەردەوام بوو، خاوێنكردنەوەی شار و شارۆچكەكان، خزمەتگوزارییە شارەوانییەكان بەردەوامبوون، بایەخدان و پاكڕاگرتنی پارك و ناوچە سەوزاییەكان بەردەوام بوو، بۆیە بڕیارەكانی حكوومەت هیچ كاریگەری لەسەر پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان ناكات و بەردەوام دەبن، بەڵكوو بۆ باشتركردنی ئەو خزمەتگوزارییانەیە. دەشڵێ: ئێستا ستراتیژیەتی حكوومەت لەو قۆناغەدا ئەوەیە كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات، بەردەوامبوون لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك شارەوانی و تەندروستی و هەموو سێكتەرەكانی دیكەی خزمەتگوزاری گشتی و دابینكردنی مووچە و جوڵەی ئابووری و باشكردنی باری گوزەرانی ئەو توێژانەی كە زیانمەندبوون بەهۆی پەتای كۆرۆناوە، ئەوەی حكوومەت لەسەری بوو كردی و دەمانەوێ لەمەودواش هاووڵاتییان دڵنیاببنەوە كە حكوومەت هەڵقوڵاو و هەڵبژێردراوی خۆیانە، حكوومەتی هاووڵاتی و خزمەتكردنە، حكوومەتێكی كارا و جیدییە، هەموو كارێك و روئیای جەنابی سەرۆكی حكوومەت و تیمی وەزاریش وەك یەك تیم و لە هەموو سێكتەرەكاندا خزمەتی هاووڵاتییان دەكەین و سەركەتووش دەبین.