چـالاکی

بە بەشداریی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هەڵمەتێکی فراوانی دارچاندن لە هەولێر دەستی پێ کرد

بە بەشداریی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار هەڵمەتێکی فراوانی دارچاندن لە هەولێر دەستی پێ کرد

ساسان عەونی: هەڵمەتەکە 100هەزار دار لەخۆ دەگرێ

ئەمڕۆ پێنجشەمە 5ی ئاداری 2020 وێڕای پشووی فەرمیی حکوومەت و لە ساڵیادی ڕاپەڕینە مەزنەکەی کوردستان بە بەشداریی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، د. فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکوومی، هەڵمەتێکی فراوانی دارچاندن لە شاری هەولێر دەستی پێ کرد و لە قۆناغی یەکەمیشدا هەڵمەتەکە لە گوندی زانکۆ بەڕێوەچوو. وەک ئامادەکاريی فەرمانگە شارەوانییەکانیش بە دەیان هەزار گوڵ و شەتڵی دار بەرهەمهێنراون، بۆ رازاندنەوەی هەولێری پایتەخت.

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمیانەی هەڵمەتەکەدا وێڕای پیرۆزباییکردنی یادی ڕاپەڕین لە خەڵکی کوردستان، هاوکات لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان گرنگیی هەڵمەتەکە و گرێدانی بە یادی ڕاپەڕین باس کرد و جەختیشی کردەوە، هەڵمەتەکە سەد هەزار دار لە خۆدەگرێ و بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر بەڕێوە دەچێت، هەروەها گوتیشی: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوودجەی پێویستی بۆ گەشەپێدانی ئەو دارانە دابینکردووە. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختیشی کردەوە هەڵمەتەکە لە هەموو ئەو شوێنانەش بەڕێوە دەچێت کە پێویستیان بە زیادکردنی رووبەری سەوزایی هەیە.

شایەنی گوتنە، هەڵمەتی دارچاندن لە شاری هەولێر بە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان فەرمانگە شارەوانییەکانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ پارێزگای هەولێر بەڕێوەدەچێت و ئێستاش زیاتر لە شەش هەزار شەتڵی دار دەچێندرێن و ئامانجیش بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزاییە بە چاندنی دار و گوڵ لە شوێنە جیاوازەکانی شاری هەولێردا بە تایبەتی دەروازەکانی پایتەخت بەمەبەستی زیادکردنی ڕووبەری سەوزایی و پاراستنی ژینگەی شاری هەولێر لەپیسبوون، بەهۆی گەشەکردنی بەردەوامی و زیادبوونی ڕێژەی دانیشتووان، فەرمانگە شارەوانییەکان بەردەوام لە هەوڵدان بۆ بایەخدان و زیادکردنی رووبەری سەوزایی لە شاری هەولێر وەک بایەخدان بە پارک و چاندنی دار و گوڵی جۆراوجۆر و خزمەتکردنیان.

ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار