چـالاکی

‎وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بڕوانامه‌ ده‌به‌خشێته‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندازیار


‎وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار بڕوانامه‌ ده‌به‌خشێته‌ ژماره‌یه‌ك ئه‌ندازیار

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20ی شوباتی 2020، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، بڕوانامه‌ی ڕێز و سوپاسی به‌خشییه‌ به‌شداربوانی خولی Autodesk Revit Architecture كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ ئه‌ندازیارانی وه‌زاره‌ت.

خوله‌كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕۆژانی ڕابردوو له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی توانای مرۆیی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار به‌ڕێوه‌ چوو، له‌لایه‌ن ئه‌ندازیار گۆران بورهان قادر گوترایه‌وه‌ كه‌ پسپۆڕی به‌رنامه‌كه‌یه‌.

پێش به‌خشینه‌وه‌ی بڕوانامه‌كان، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، سوپاسی مامۆستا و ئه‌ندازایارانی به‌شداربووی ئه‌و خوله‌ی كرد كه‌ تواناكانی خۆیان پێش ده‌خه‌ن و به‌ گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ نوێبوونه‌وه‌ی ئه‌ندازیاران كرد له‌ هه‌موو ڕوویه‌كی ته‌كنیكییه‌وه‌ تا بتوانن له‌ ئاستی وڵاته‌ پێشكه‌وتووه‌كان بن و گوتی، له‌ ڕووی توانای تاكه‌وه‌، ئه‌ندازیارێكی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌ندازیارێكی ژاپۆنی و ئه‌ورووپایی یان ئه‌مه‌ریكی هیچ جیاوازییه‌كی نییه‌ و ڕه‌نگه‌ توانا داهێنانه‌كانی ئه‌م زیاتر بێت، ئه‌وه‌ی ئه‌وان جیا ده‌كاته‌وه‌، پێشكه‌وتنی بواره‌ ته‌كنیكییه‌كانه‌، بۆیه‌ كاتێك له‌ وه‌زاره‌ته‌كه‌مان پێشكه‌وتووترین به‌رنامه‌ی ئه‌ندازیاری پێشكه‌شی ئه‌ندازیاره‌كان ده‌كرێ و فێری ده‌بن، به‌ هه‌نگاوێكی پێشكه‌وتوو بۆ گه‌یشتن به‌ ئاسته‌ جیهانییه‌كان هه‌ژمار ده‌كرێ.

به‌رنامه‌ی Autodesk Revit Architecture به‌ پێشکەوتووترین بەرنامە لە بواری دیزاینکردنی تەلار و بیناکان (پلان و سێکشن و سێ ڕه‌هه‌ندی) هه‌ژمار ده‌كرێ. شیکارکردنی داتاکان و درووستکردنی خشتەی مەوادەکان و بڕی پارەی تێچووی پرۆژە، هەموو ئەم کارانە بە کاتێکی کەم بە کوالیتییەکی زۆر باش بەدەست دەهێنرێت. هه‌روه‌ها ئه‌م به‌رنامه‌یه‌ لە بوارەکانی دیزاینی تەلارسازی، سترەکچەری بینا، میکانیک، کارەبا و زۆر بواری دیكه‌ سوودی لێ دەبینرێ.