چـالاکی

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانيی هه‌ولێر كۆ بووه‌وه‌

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر كۆ بووه‌وه‌

بۆ گه‌یاندنی په‌یامی سه‌رۆكی حكوومه‌ت به‌ نه‌هێشتنی جیاوازی و ڕێزگرتن له‌ هاووڵاتی و پاراستنی سامان و موڵكی حكوومه‌ت، ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، له‌گه‌ڵ سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەرپرسی بەشەکانی ناو شارەوانی و بەرپرسەکانی خزمەتگوزاری لە شارەوانییەکان کۆ بووەوە.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16ی شوباتی 2020 بە ئامادەبوونی عه‌بدولواحید ئه‌حمه‌د سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ولێر ڕێك خرا، وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار تیشكی خسته‌ سه‌ر ڕژدبوونی حكوومه‌ت له‌ هه‌نگاونان به‌ره‌و چاكسازی وه‌ك خواستی یه‌كه‌می هاووڵاتی كه‌ له‌ كارنامه‌ی حكوومه‌تدا باسی لێوه‌ كراوه‌ و داوای له‌ كارمه‌ندانی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانی هه‌ولێر كرد كه‌ هه‌ریه‌كه‌یان له‌ ئاست و شوێنی جیاواز به‌رپرسیارییه‌تییان هه‌یه‌، پابه‌ندی یاسا و ڕێنمایییه‌كان بن و هیچ لاداناێك له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئەو یاسا و ڕێنماییانەیە‌ ئه‌نجام نه‌ده‌ن و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك جیاوازی له‌ نێوان هاووڵاتییاندا نه‌كرێت.

ساسان عه‌ونی له‌ژێر ڕۆشنایی ئامانجه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خواسته‌كانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بە نەهێشتنی پێشێلکاری و هەنگاونان بەرەو چاکسازی، داوای لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد پابەندی کاتەکانی دەوام و بەوپەڕی ڕێز کە شایستەی هاووڵاتییانە بەبێ جیاوازی مامەڵەکانیان بۆ بەڕێوە ببەن.
لای خۆیەوە، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، سوپاسی ڕاشکاویی وەزیری شارەوانی کرد و دووپاتی لە پابەندبوون بە یاسا و ڕێنمایییەکان کردەوە و داوای لە ئامادەبووانی کۆبوونەوەکە کرد، هەست بە گرنگیی ئەو ئەرکانە بکەن کە پێیان سپێردراوە و بە ئەمانەتەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەن.

ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێدایە، ڕۆژی ١٣ی شوباتی ٢٠٢٠، سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر، چوار بەڕێوەبەری شارەوانی گۆڕی، ئەمەیش لەپێناو دەستاودەستکردنی پۆستەکان و هێنانەپێشەوەی توانا و هزری نوێ بۆ ناو کارەکان.