چـالاکی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ژمارەیەك پەرلەمانتار رەوشی خزمەتگوزارییەكانی سۆران تاوتوێ دەكەن

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ژمارەیەك پەرلەمانتار رەوشی خزمەتگوزارییەكانی سۆران تاوتوێ دەكەن

ئەمڕۆ پێنجشەممە 13ی شوباتی2020 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی بەدواداچوونی پرۆژە خزمەتگوزاری و داواكاری هاووڵاتییانی سنووری سۆران پێشوازیی ژمارەیەک پەرلەمانتاری کوردستان کرد کە پێکهاتبوون لە وەیسی سەعید وەیسی و خاتوو خەدیجە و خاتوو حەسیبە گەردی.

لە دیدارەكەدا گفتوگۆ لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و داواكاری هاووڵاتییانی سنووری سۆران و دەوروبەری كرا، هاوكات وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لە هەماهەنگی نێوان وەزارەت و پەرلەمانتارانی كوردستان كردەوە بۆ بەدواداچوون و گەیاندنی داواكاری هاووڵاتییان، هەروەها گوتیشی: فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی بەپێی توانا و لە چوارچێوەی رێنماییەكان خزمەتی هاووڵاتییانی سنوورەكە دەكەن و ئەولەویەتیش بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییە گرنگەكانە.

لە دیدارەكەدا هەماهەنگی نێوان وەزارەتی شارەوانی و لایەنە پەیوەندیدارەكان و پەرلەمانتاران بۆ خزمەتكردن و گەیاندنی داواكاری هاووڵاتییان بە گرنگ وەسف كرا و جەختیش لە پەرەپێدانی ئەو هەماهەنگییانە كرایەوە.