پرۆژەكان

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خزمەتگوزاریی پێشكەش بە كۆمەڵگە و گوندە هاوچەرخەكان دەكات

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خزمەتگوزاریی پێشكەش بە كۆمەڵگە و گوندە هاوچەرخەكان دەكات


لەمەودوا پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان لە كۆمەڵگە و گوندە هاوچەرخەكانی نیشتەجێبوون كە بە ستییەكان ناسراون لە كەرتی تایبەت و و وەبەرهێنەرەكان وەردەگیرێتەوە و لەلایەن فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بەڕێوە دەبرێن، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییانی نیشتەجێی ئەو كۆمەڵگە هاوچەرخانەیە كە گلەییان لە نرخ و ئاستی خزمەتگوزارییەكان هەیە.

ئەو خزمەتگوزارییانەی لە كەرتی تایبەت وەردەگیرێنەوە و دەدرێنە فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، تەواوی سێكتەرەكانی دابینكردنی ئاو، كارەبا، پاككردنەوە و سەرپەرشتی باخچەكانیش دەگرێتەوە، جگە لە پاسەوانی كە وەك خۆی دەمێنێتەوە.

ئەو بڕیارەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەوەوە سەرچاوەی گرتووە پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان بكەوێتەوە بەوەی ناكرێت دانیشتووانی ئەو كۆمەڵگە نوێیانە (ستییەكان) بە پارەیەكی زیاتر خزمەتگوزارییان بۆ دابین بكرێت، بۆیە حكوومەت بڕیاری داوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار خۆی سەرپەرشتی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكان لەو كۆمەڵگە نیشتەجێیانە بكات وەك هەر شار و شارۆچكە و گەڕەكەكانی دیكە. هاووڵاتییانی دانیشتووی ئەو كۆمەڵگە نوێیانەش پێشوازی لە بڕیاری وەرگرتنەوەی خزمەتگوزارییەكان لە كەرتی تایبەتەوە بۆ ژێر چاودێری و سەرپەرشتی فەرمانگەكانی شارەوانی دەكەن.
سەرنج: وێنە ئەرشیف
راگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار