چـالاکی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی دەرچوونی بەخشییە بەشداربووانی خولی سیستەمی زانیاری جوگرافی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بڕوانامەی خولی GIS بەسەر بەشداربووان دابەش كرد

بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، خولێكی تایبەت بە سيستەمی زانیاری جوگرافی (GIS) بەمەبەستی بە ئەلیكترۆنیكردنی نەخشەكان و دروستكردنی نەخشەی ئەلیكترۆنی بە سیستەمی جیهانی بەڕێوە چوو، كە خولەكە ماوەی دوو هەفتەی خایاند و تێیدا سیستەمەكە شیكرایەوە بۆ بەشداربووان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 6ی شوباتی2020 لە دیوانی وەزارەت، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە مەراسیمێكی تایبەتدا بڕوانامەی دەرچوونی بەخشییە بەشداربووانی خولی سیستەمی زانیاری جوگرافی (GIS)، كە ئەم خولە ماوەی دوو هەفتەی خایاند و تێیدا ئەندازیاران و فەرمانبەرانی سەرۆكایەتیی شارەوانییەكانی رانیە، چوارقوڕنە، قەڵادزێ، چۆمان و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی راپەڕین, بەشداریان كرد.

لەمیانەی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشداربووانی خولەكە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای دەستخۆشی و هاندانیان بۆ كردنەوەی ئەم جۆرە خولانە، هاوكات جەختیشی كردەوە لەسەر ئەوەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بایەخی تایبەت بەو جۆرە خولانە دەدات، لەپێناو خزمەتكردنی زیاتر و كارئاسانی بۆ هاووڵاتییان لە هەر رووێكەوە بێت، داواشی كرد پێویستە ئەوەی لە خولەكەدا پێشكەشكراوە و شیكراوەتەوە، بەجدی كاری لەسەر بكرێ و جێبەجێ بكرێت لەپێناو پێشخستنی بواری بە ئەلیكترۆنیكردنی نەخشەكان بەو سیستەمە نوێیەی جیهان.

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار وێڕای بە گرنگ لەقەڵەمدانی ئەو خولە، جەختیشی كردەوە لە پڕۆسەی جێبەجێكردن و كاركردن لەسەر بەئەلیكترۆنیكردنی نەخشەكان هەرچی پێویست بێت، ئەنجامی دەدەین و دەیكەین بۆ بەئەلیكترۆنیكردنی نەخشەكان بەشێوەیەكی پێشكەوتوو و جیهانی.