چـالاکی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ناحیەی قوشتەپەی بەسەر كردەوە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ناحیەی قوشتەپەی بەسەر كردەوە

ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 23ی كانوونی یەكەمی 2019 وێڕای بەشداریكردنی لە هەڵمەتێكی چاندنی نەمام لە پاركێكی قوشتەپە، هاوكات بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە رەوشی خزمەتگوزاری و كێشە و داواكاریی هاووڵاتییانی سنوورەكە، سەردانی ناحیەی قوشتەی كرد و لە لایەن رابەر ساڵح شێرە بەڕێوەبەری ناحیەی قوشتەپە بە گەرمی پێشوازیی لێ كرا.

لە كۆبوونەوەیەكدا كە دكتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر ئامادەی بوو، باس لە رەوشی خزمەتگوزاریی سنووری ناحیەكە و پڕۆژە و داواكاری و كێشەی هاووڵاتییان كرا، لەمبارەیەوە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە پێویستە هەماهەنگییەكی بەهێز لە نێوان شارەوانی و فەرمانگەكانی سنوورەكە هەبێت بەمەبەستی گەیاندنی خزمەتگوزاریی زیاتر بە سنوورەكە.

هاوكات ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لای خۆیەوە ئامادەیی هەموو هەماهەنگی و هاوكارییەكی دەربڕی لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییان و ئەنجامدانی پڕۆژە، وەزیری شارەوانی جەختی كردەوە كە پێویستە خزمەتی ناوچەكە بكرێت لە رووی دابینكردنی ئاو و زیادكردنی رووبەری سەوزایی و شەقام و نۆژەنكردنەوەی پڕۆژەكان كە پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە.