چـالاکی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە توانای مرۆیی سیمینارێك و چەند خولێكی بەسەر كردەوە

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە توانای مرۆیی سیمینارێك و چەند خولێكی بەسەر كردەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 23ی كانوونی یەكەمی 2019 وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون و هاندانی فەرمانبەران و ئەندازیاران بۆ بەشداریكردن لە خولی هۆشیاركردنەوە و زانستی كە بۆ شارەزایی فەرمانبەران پێویستن، سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی توانای مرۆیی كرد كە دوو خولی شارەزابوون لە بەرنامەكانی ئەندازیاری و سیمینارێكیش بۆ ئاشنابوون و خستنەڕووی ئەزموونی پلانسازی و شارەوانیی ژاپۆن بۆ سوودوەرگرتن بەڕێوەچوون.

سیمینارەكە لە سەنتەری ڕاهێنانی بەڕێوەبەرایەتیییەكە بۆ خاتوو پەیام غازی یوسف ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی و هەروەها نازناز هاشم محەمەد ئەندازیار لە بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی هەولێر بەڕێوە چوو کە بەشداریان کردبوو لە خولی (Comprehensive City Planing) لە وڵاتی ژاپۆن، تێیدا ئەزموونی ئەو وڵاتەیان خستەڕوو بە تایبەتی لە ڕووی بیناسازی و شەقام و پارك و رووبەری سەوزایی، ئەمەش بۆ سوودگەیاندن لە هەرێمی كوردستان.

هەروەها خولی (Revit) و وۆرک شۆپی رێکخستنەوە و کۆکردنەوەی زانیاری مۆڵەتی بینا لە بەڕێوەبەرایەتییەكە بەڕێوەچوون كە پەیوەندییان بە پرۆگرامەكانی ئەندازیاری و كۆمپیوتەر و هەماهەنگی نێوان فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ فەرمانگەكانی دیكە بۆ هەماهەنگی و ئاگاداربوون زانیاری و كاری یەكتری. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار داوای لە بەشداربووانی خولەكان كرد كە راهێنان لەسەر تازەترین پرۆگرامەكانی ئینتەرنێت و ئەندازیاری بكەن، جەختیشی كردەوە ئەوەی مرۆڤ سەركەوتوو دەكات خۆدەوڵەمەندكردنە بە زانست و بایەخدانی زیاتر بە تەكنەلۆژیای سەردەم بەتایبەتی ئەوانەی راستەوخۆ پەیوەندییان بە پرۆژەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە هەیە پێویستە فەرمانبەران و ئەندازیارانی سەر بە فەرمانگەكانی وەزارەت لە رووی ئەندازیارییەوە سوودیان لێ وەربگرن بۆ ئەوەی پرۆژە و نەخشەكان بە پێشكەوتووترین شێوەی سەردەم جێبەجێ بكرێن.