چـالاکی

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر پێوەری ئاو و چەند پرسێكی دیكەیان تاوتوێ كرد


وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگای هەولێر پێوەری ئاو و چەند پرسێكی دیكەیان تاوتوێ كرد

ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی كانوونی یەكەمی2019 لە دیوانی پارێزگای هەولێر، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دكتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر بە ئامادەبوونی د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە چەند پرسێكی گرنگ كە لە ناویاندا پێوەری ئاوی ماڵان بوو بەڕێوەچوو، تێیدا گفتوگۆیەكی چڕ لەوبارەیەوە كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە خەسرۆ كەمال بریكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرانی گشتی و بەڕیوەبەری ئاو و ئاوەڕۆ و هەروەها جێگرانی پارێزگای هەولێر و قائیمقامی ناوەندی هەولێر ئامادەی بوون، پرسی پێوەری ئاوی ماڵان و كێشە و گرفتەكان و چارەسەركردنی و چەند تەوەرێكی دیكەش تاوتوێ كران، هەروەها جەختیش لە هەماهەنگی نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر كرایەوە لە پەیوەست بە جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و هەماهەنگی زیاتر لە هەموو رووێكەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بە گرنگی بەستان و كاركردن بە پێوەری ئاوی ماڵان كرا بەوەی رێگری دەكات لە بەفیڕۆدانی ئاو كە سامانێكی نیشتمانییە و نابێت زیانی پێ بگات، چونكە لە رابردوودا بڕێكی زۆر لە ئاوی پاك بەفیرۆ دراوە و ئەمەش زیانێكی یەكجار زۆری بە حكوومەت گەیاندووە كە بەهۆیەوە تێچووێكی زۆر لە دابینكردنی ئاو خەرج كراوە، كەچی هێشتا بڕێكی زۆر ئاو بەفیڕۆ دەدرێت، هەروەها كێشەكانی پێوەری ئاو تاوتوێكران و جەختیش كرایەوە پێویستە چارەسەری كێشەكان بكرێت بە جۆرێك كە هاووڵاتییان زیانمەند نەبن. پارێزگاری هەولێریش لای خۆیەوە بەڵێنی هەموو هاوكاری و هەماهەنگییەكی دا بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەستنی پێوەری ئاو، وەك چۆن مامەڵە لەگەڵ پێوەری كارەبا كرا.

شایەنی باسە، هەر تاكێك لە كوردستان، ڕۆژانە بڕی 250 تا 300 لیتر ئاوی بۆ دەستەبەر دەكرێ‌ت، لەكاتێكدا بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی هەر تاكێك پێویستی بە 200 لیتر ئاو هەیە ڕۆژانە، بۆیە هەر تاكێك لە كوردستان لە پێویستی خۆی زیاتر ئاوی بۆ دەستەبەر دەكرێت. هەر دڵۆپە ئاوێك 16 كاتژمێری پێ‌ دەچێت تا بەشێوەیەكی خاوێن كە بۆ خواردنەوە بشێ‌، دەگاتە هاووڵاتی، هەر لە وەرگرتنی لە وێستگەكانی ئاو و خاوێنكردنەوەی تا گەیاندنی بە تۆڕەكانی ئاو و گەیشتنی بە هاووڵاتی. هەروەها بوتڵێكی ئاو كە ناگاتە لیترێك، لە بازاڕەكان بە 250 هەزار دیناری عێراقییە، مەتر سێجایەكی ئاو كە دەكاتە پێنج بەرمیل ئاو و لە وێستگەكانی بەرهەمهێنانی ئاو دەگاتە تۆڕەكان، بە 50 دیناری عێراقی دەگاتە هاووڵاتییان. باشترین میكانیزم بۆ بەهەردەر نەدانی ئاو و دەستەبەركردنی بۆ تەواوی هاووڵاتییان بەشێوەیەكی یەكسان، دانانی پێوەر بوو بۆ هەموو بەشداربووانی ئاو، بەو شێوەیە توانرا بڕێكی زۆری ئەو ئاوەی بەهەدەر دەدرا، بیگەڕێنینەوە بۆ ئەوانەی كێشەی كەم ئاویان هەبوو.