چـالاکی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەشداری رێوڕەسمی بنیادنانی سەنتەری بووژانەوەی جەستەیی کرد

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەشداری رێوڕەسمی بنیادنانی سەنتەری بووژانەوەی جەستەیی کرد

ئەمڕۆ پێنجشەممە ۱۹ی کانوونی یەکەمی ۲۰۱۹ لە شاری هەولێر، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هاوڕێ لەگەڵ دکتۆر سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی ڕاوێژکاری سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێم، جوتیار عادل گوتەبێژی حکوومەت و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و ژمارەیەک بەرپرسی دیکەی حکومی، بەشداری لە ڕێوڕەسمی بنیادنانی پڕۆژەی سەنتەری بووژانەوەی جەستەیی-هەولێر، کرد.

سەنتەری بووژانەوەی جەستەیی هەولێر بە هاوکاری و هەماهەنگی نێوان کۆمیتەی خاچی سووری نێودەوڵەتی و وەزارەتی تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر رووبەری ۱٤،٦۳۰ مەتر دووجا و بە گوژمەی نزیکەی ٦ ملیۆن دۆلار دروست دەکرێت.

سەنتەرەکە بەکاردێت بۆ چارەسەرکردنی بریندارانی پێشمەرگە لە شەڕی دژی داعش، هەروەها پەککەوتە و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و دروستکرنی پەلی دەستکرد، کورسی چەرخدار، هەروەها ئامرازەکانی جوڵە، بووژانەوەی جەستەیی، بۆ ئەوانەی پەلیان لەدەستداوە یان کێشەی ئێسک و ماسولکە و دەماریان هەیە، هەروەها چارەسەرکردنی ئەو یاریزانانەی کە دووچاری پێکان دەبن، پێشتر دەبوو سەردانی دەرەوەی وڵات بکەن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی.

سەنتەرەکە ماوەی ۲۰ مانگدا بەتەواوی دەکەوێتە کارکردن و هاووڵاتییان و برینداران دەتوانن سوودی لێ وەربگرن.