چـالاکی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی بەسەر دەكاتەوە


لە دووەم رۆژی سەردانەكەیدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی بەسەر دەكاتەوە

لەمیانەی سەردانەكەیدا بۆ شاری سلێمانی، بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دووەم رۆژی سەردانەكەیدا ئەمرۆ سێشەممە 17ی كانوونی یەكەمی 2019 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی بەسەر كردەوە و لەلایەن کەمال مستەفا سەعید بەڕێوەبەری گشتی و تەواوی فەرمانبەران پێشوازیی کرا.

لەگەڵ بەڕێوەبەر و ژمارەیەك بەرپرسی بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە كۆبووەوە و بە وردی بەدواداچوونی بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی كارەكانیان و راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و ئاوەڕۆ و نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی شەقام و زیادكردنی رووبەری سەوزایی لە سەنتەری قەزا و ناحیەكان كرد، بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆر بە سنوورەكە دەدات لە ڕووی جێبەجێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری. هاوكات لە بەرانبەر جێبەجێكردنی كارەكانیان، دەستخۆشی لە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكە كرد و داواشی لێكردن لە راییكردنی مامەڵەی هاووڵاتییان و جێبەجێكردنی پرۆژەكان جدی بن و هەموو هەوڵێك بدەن بۆ خزمەتكردنی خەڵكی سنوورەكە.

هەروەها جەختیشی كردەوە ئەوەی لە توانای وەزارەت دابێت بۆ خزمەتكردنی سنوورەكە بەگوێرەی یاسا دەیكات. هەروەها تەواوی ژوور و بەشەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكەی بەسەر كردەوە و لە نزیكەوە قسەی لەگەڵ فەرمانبەران كرد و لە كێشە و گیروگرفتەكانی كۆڵینەوە.

لەمیانەی ئەو سەردانەیدا بۆ شاری سلێمانی هەر یەكە لە بەڕێزان خەسرەو کەمال بریکاری وەزیر، مەولەوی جەبار سەرۆکی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، ئارجومەن تەحسین بەڕێوەبەری گشتیی دیوان، عەبدولحەمید عەلی بەڕێوەبەری گشتیی پلان و بەدواداچوون، سەرکەوت تۆفیق بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەکان، مەسعوود کاڕەش بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ، عەبدولموئمین تەها بەڕێوەبەری گشتیی نەخشەدانانی ئاوەدانی، یاوەری وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارن.