چـالاکی

هەڵمەتی بەرفراوانی پاكڕاگرتنی ژینگە بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار

هەڵمەتی بەرفراوانی پاكڕاگرتنی ژینگە بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار

ئەمڕۆ سێشەممە 3ی دیسەمبەری 2019 هەڵمەتی خاوێنکردنەوە و پاکڕاگرتنی شاری هەولێڕ و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ژینگەیی بە بەشداریی راستەوخۆی بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەستی پێ کرد.

هەڵمەتەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەر بەو سەرۆکایەتییە ئەنجام دراوە و تێیدا بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بە یاوەریی بەڕێز بریكاری وەزیر و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و قائیمقامی ناوەندی هەولێر و سەرجەم بەڕێوەبەرانی سەر بە سەرۆکایەتیی شارەوانی بەشداریان تێدا كرد.

سەرەتای هەڵمەتەكە لەبەردەم وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە بۆ ناو بازاڕ بە بەشداریی كەناڵەكانی تەلەفزیۆن و رۆژنامەنووسان دەستیپێكرد و دواتر بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەشێكی قەڵای هەولێریشی بەسەركردەوە، هەروەها سەردانی ناو بازاڕی قەیسەریی شاری هەولێریشی كرد و بە شێوەیەكی مەیدانی گفتوگۆی لەسەر خاوێنكردنەوە و نۆژەنكردنەوەی هەندێ بەشی بازاڕەكە كرد كە پێویستییان بە خاوێنكردنەوە و نۆژەنكردنەوە هەیە.

لە هەڵمەتەكە لە كاتژمێر 9ی سەرلەبەیانی دەستپێكرد و بۆ ماوەی دوو هەفتەش بەردەوامی دەبێت بە مەبەستی هۆشیاریی ژینگەیی و پاراستن و رێزگرتن لە ژینگەی هەرێمی كوردستان، بە خاوێنکردنەوەی شەقام و شوێنە گشتییەكان و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاریی ژینگەیی، كە لە كارنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بایەخێكی زۆر بە پاراستن و پاكڕاگرتنی ژینگەی هەرێمی كوردستان دەدرێت.