چـالاکی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ كونسوڵی كۆریای باشوور چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ كونسوڵی كۆریای باشوور چەند پرسێك تاوتوێ دەكەن

لە دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ئەمڕۆ دووشەممە 2ی دیسەمبەری2019، بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە بەڕێز چۆى كوانژین كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەریی كرد.

لە كۆبوونەوەیەكدا هەماهەنگی و پەرەپێدانی هاوكاری نێوان وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كۆریای باشوور تاوتوێ كرا، جەخت لە فراوانكردنی پەیوەندییەكانیش كرایەوە، بە تایبەتی لە پرسی گەشتوگوزار و شوێنەوارەكانی كوردستان كە تەوەرێكی كۆبوونەوەكە بوون، بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەم ڕووەوە هەماهەنگی و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولای بە گرنگ و پێویست لەقەڵەمدا.

لای خۆیەوە بەڕێز چۆى كوانژین كۆنسوڵی كۆریای باشوور ئەو پەیوەندی و هەماهەنگییانەی بە گرنگ وەسف كرد و سەرسامی خۆیشی بە سرووشتی جوانی كوردستان و شوێنە گەشتیاریی و شوێنەوارییەكان دەربڕی، ئامادەیی خۆی و كونسوڵخانەی وڵاتەكەی بۆ هەماهەنگی و بایەخدانی زیاتر بە كەرتی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی ئاوی هەڵەبجە كرا كە ئەو پڕۆژەیە پڕۆژەیەكی گرنگی خزمەتگوزارییە بۆ دابینكردنی ئاوی هەڵەبجە. دواتر كونسوڵی گشتیی كۆریای باشوور سەردانی توانا مرۆییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری كرد بەمەبەستی هەماهەنگی لە بواری تەكنەلۆژیا و توانا مرۆییەكان.