چـالاکی

ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی بەردەوامبوونی پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان دەکات

حکوومەت ڕۆژانە دوو ملیۆن و 100 هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی شیرین بۆ ماڵان دابین ده‌كات
ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی بەردەوامبوونی پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان دەکات

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 27ی نۆڤه‌مبه‌ر، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی ئەنجام دا و لە سەرەتای كۆبوونه‌وه‌كه‌، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران تیشکی خستە سەر سەردانیی هەفتەی رابردووی مایک پێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ هەولێر کە دووپاتکردنەوەی رۆڵی گرنگی هەرێمی کوردستان بوو لە ناوچەکەدا.

لە ته‌وه‌ری سێیه‌می کۆبوونەوەکەدا كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ گفتوگۆکردن دەربارەی پڕۆژەی پێوەری ئاوی ماڵان، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، چەند روونکردنەوەیەکی پێویستی دەربارەی پڕۆژەی پێوەری ئاوی ماڵان خستە ڕوو، ئاماژەشی بەوە دا، رۆژانە 2.1 ملیۆن مەتر سێجا، ئاوی شیرین بەرهەم دەهێنرێت کە تێچووی گشتیی رۆژانە لە سەر حکوومەت 840 ملیۆن دینارە کە بەداخەوە رۆژانە 850 هەزار مەترسێجا ئاوی پاکی خواردنەوە بە فیرۆ دەدرێت کە تێچووەکەی رۆژانە دەکاتە 340 ملیۆن دینار و ساڵانە زیاتر لە 124 ملیار دینارە، ئەمەش دەبێتە بەفیرۆچوونی 40 مێگاواتی کارەبای رۆژانە.

ئەنجوومەنی وەزیران پشتگیریی بەردەوامبوونی پڕۆژەی دانانی پێوەری ئاوی ماڵان دەکات و داواش لە هاووڵاتیان دەکات کە بەرپرسیاریەتیی پاراستنی ئاو لە ئەستۆ بگرن کە سامانێکی نیشتمانییە و سنوورێکیش بۆ بەفیڕۆدانی ئاو دابنرێت، چونکە خەرجییەکی زۆر لە سەر حکوومەت دەکەوێت.

له‌ ته‌وه‌ره‌كانی پێشتری ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌، دەربارەی ئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا کرا کە بە راسپاردە و سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆک وەزیران بوون. ئەندامانی شاندەکە دوایین پێشکەوتنەکانی رەوشی دانوستاندن و گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی خستەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بە بەرەوپێشچوونی گفتوگۆکان بە ئاراستەی رێککەوتن لە سەر پڕۆژە بودجەی فیدراڵ بۆ 2020 کە ئێستا لە قۆناخی ئامادەکردندایە لە لایەن وەزارەتی دارایی عیراق. ئەنجومەنی وەزیران جەختی لە پابەندییەکانی هەرێمی کوردستان کردەوە لە بەرامبەر دابینکردنی تەواوی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی هاوبەشی هەردولا. بڕیاریشە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو شاندی دانوستاندکار سەردانی بەغدا بکات.

پاشان ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری راپۆرتێکی خستەڕوو ، دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە رێکخستن و یەکخستنەوە و گەڕاندنەوەی سەرجەم داهاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری و، پێداچوونەوەی تەرخانکراوی خەرجییەکان لە سەر بنەمای پێداویستی و کارە لە پێشینەکان . ئەنجومەنی وەزیران راپۆرتەکەی پەسەند کرد و وەزارەتی دارایی و ئابووری راسپارد کە ریکاری پێویست بۆ کەمکردنەوەی رووتینی خەرجکردنی پێشینەی وەزارەتەکان بگرێتەبەر، بە جۆرێک ئاسانکاری بکرێت بۆ ئەوەی بتوانن کار و پرۆژەکانیان راپەڕێنن لە چوارچێوەی تایبەتمەندی و دەسەڵاتەکانیان.

لە کۆتاییدا کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا روونکردنەوەی پێویستی بە داتا وزانیاری دا لە بارەی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی بە هاووڵاتیان کە لە ئەنجامی بەکارهێنانی زیاتر بەهۆی وەرزی زستان و زیادەڕۆیی بۆ سەرتۆڕی کارەباوە دروست بووە. وەزیری کارەبا ئاماژە بە هەوڵەکانی وەزارەتەکەی دا لەمبارەیەوە ، ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا لە کۆبوونەوەی داهاتوو گفتوگۆی زیاتر لە سەر پرسی کارەبا بکات.