كارگەیەكی گەورەی جیاكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك لە سنووری سلێمانی دروست دەكرێت
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان كارگەیەكی گەورە بۆ جیاكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سلێمانی، لەسەر رووبەری 30 دۆنم زەوی دروست دەكات، كە لایەن كۆمپانیایەكی جێبەجێكارەوە پڕۆژەكە كاری تەواوكردنی جێبەجێ دەكرێت.
پڕۆژەی كارگەی جیاكردنەوە و چارەسەركردنی خۆڵ و خاشاك لە پارێزگای سلێمانی و لە سنووری شارەوانیی تەكیەی كاكەمەند جێبەجێ دەكرێت و سەرجەم شارەوانییەكانی سنووری چەمچەماڵ و دووكان لێی سوودمەند دەبن.
ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و
لەسەر ڕووبەری 30 دۆنم زەوی جێبەجێ دەکرێت، لەسەر بوودجەی ئاسایی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە تەواو دەكرێت. ماوەی گرێبەستی پڕۆژەکە 36 مانگە و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی سلێمانی سەرپەرشتی دەکات، لە ئێستادا ٪16ی کارەکانی ئەنجام دراوە.
کارگەكە، توانای جیاکردنەوەی 500 تۆن خۆڵ و خاشاکی لە ماوەی 16 کاتژمێردا هەیە، ڕێژەی جیاکردنەوەی بۆ کەرەستەی ڕیسایکلین لە ٪60 و ڕێژەی کەرەستە بۆ داپۆشین لە ٪40 و بەرهەمهێنانی پەین 300 تۆنە، هەروەها کەرەستەکانی پلاستیک، کارتۆن، کاغەز، شوشەوات، کانزا، پەڕۆ جیادەکاتەوە.