چـالاکی

سەرۆكی حكوومەت قۆناغەكانی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێری بەسەر كردەوە

سەرۆكی حكوومەت قۆناغەكانی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێری بەسەر كردەوە

بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە 24ی نۆڤەمبەری 2019 بەمەبەستی لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە قۆناغەكانی كارکردن بۆ نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر، سەردانی قەڵای هەولێری كرد و بە وردی بەدواداچوونی بۆ پڕۆسەی نۆژەنکردنەوەکە کرد، لەمیانەی ئەو سەردانەشیدا بۆ قەڵای هەولێر، بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان یاوەری بەڕێز سەرۆكوەزیرانی كوردستان بوو بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە بەڕێوەچوونی قۆناغەكانی كاركردن بۆ نۆژەنكردنەوەی قەڵای دێرینی هەولێر.

هەروەها تیمی سەرپەرشتیار و ئەندازیارانی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی قەڵای هەولێر، وردەكاری نۆژەنكردنەوە و پلانی خۆیان بۆ داهاتووی قەڵای هەولێر خستەڕوو و باسیان لە چۆنیەتی هێنانی گەشتیاریی زیاتر بۆ قەڵاكە كرد، هاوكات بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: حكوومەت گرنگییەكی زۆر بە قەڵای هەولێر دەدات و بە شوێنەوارێكی مێژوویی گرنگیش وەسفی كرد. هەروەها گوتیشی: قەڵای هەولێر كۆنترین شوێنە ژیانی تێدا مابێت و دەبێ هەوڵ بدرێت ئەو تایبەتمەندییەی قەڵای هەولێر بپارێزرێت و ژیان تێدا بەردەوام بێت. بەڕێز سەرۆكوەزیرانی كوردستان داواشی كرد بۆ ئاسانكردنی هاتوچۆی گەشتیاران، سوود لە ئامرازی كارەبایی وەربگیرێت، بەوەی ئێستا قەڵای هەولێر ناوی لە ریزبەندی شوێنەوارە جیهانییەكانی یونیسكۆ تۆماركراوە.