چـالاکی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێ كرد

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێ كرد

ئەمڕۆ دووشەممە 25ی نۆڤەمبەری 2019 لە دیوانی وەزارەت، بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە بەڕێز گێرت ماینێك، باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق كرد كە بەیاوەری شاندێكی كۆمپانیاكانی ئەو وڵاتە سەردانی دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریان كردبوو و لەمیانەی كۆبوونەوەیەكدا چەند پرسێكی گرنگیان تاوتوێ كرد.

لە كۆبوونەوەی بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەگەڵ باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق و شاندی یاوەری كە پێكهاتبوون لە سەرپەرشتیار و نوێنەری ژمارەیەك كۆمپانیای ئەو وڵاتە، باس لە پەیوەندییەكانی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وڵاتی دانیمارك كرا، جەخت كرایەوە لە پەرەپێدان و فراوانكردنی پەیوەندییەكان بە تایبەتی سێكتەرە خزمەتگوزارییەكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، لەڕووی ئاو و ئاوەڕۆ و گەشتوگوزارەوە كە پێویستە هەماهەنگی زیاتر هەبێت بەمەبەستی بایەخدانی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا لە هەرێمی كوردستان و وڵاتی دانیمارك. بەڕێز ساسان عەونی وێڕای شیكردنەوە و خستنەڕووی بەشێك لە كارنامەی حكوومەت، ئەوەی پەیوەندی بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە هەیە، هاوكات پەرەپێدان و فراوانبوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولای بە گرنگزانی، بە تایبەتی لە سێكتەرەكانی خزمەتگوزاریی و گەشتیاریی.