چـالاکی

سەرۆکی نوێی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستبەکار بوو

سەرۆکی نوێی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر دەستبەکار بوو

دوای ئەوەی سامان محەمەد بڵباس، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر نامەی دەستلەکارکێشانەوەی پێشکەشی بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد و ئەویش ڕەزامەندی لەسەر دا، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر کرا و لە جێگەی سامان محەمەد، کەسێکی دیکە دەستبەکار بوو.

ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢١-١١-٢٠١٩ لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بە ئامادەبوونی بەڕێز ئارجومەن تەحسین بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و ژمارەیەک بەڕێوەبەری دیکە، ئاڵوگۆڕ لە پۆستی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر کرا و لە جێگەی ئەندازیار سامان محەمەد، ئەندازیار عەبدولواحید ئەحمەد حەمەد وەک سەرۆکی شارەوانیی هەولێر دەستبەکار بوو.

پێشتریش بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکێک لە دەزگەکانی ڕاگەیاندن، گوتبووی: بابەتی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکانی حکوومەتە و ئەو پۆستە گۆڕانکاری تێدا دەکرێت و دەدرێتە کەسێکی دیکە لە چوارچێوەی کۆمەڵێک گۆڕانکاریی لە پۆستە ئیداری و حکوومییەکان کە ئەو گۆڕانکارییانە بەردەوامیشیان دەبێت.