چـالاکی

بە بەشداریی ساسان عەونی کۆبوونەوەیەک بۆ دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی تیمار بەڕێوەچوو

بە بەشداریی ساسان عەونی کۆبوونەوەیەک بۆ دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیی تیمار بەڕێوەچوو


بە بەشداریی بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەروەها بەڕێزان کەمال موسلم سەعید وەزیری بازرگانی و پیشەسازی و دکتۆر فرسەت سۆفی پارێزگاری هەولێر و دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و سەرۆکی یەکێتیی وەبەرهێنەرانی کوردستان کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی تیمار بەڕێوەچوو و دروستکردنی لیژنەیەکی هاوبەش بۆ بەدواداچوونی کارەکان و چەند بڕیارێکی دیکەش، دەرچوون.


لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دروستکردنی ناوچەیەکی پیشەسازی پێشکەوتوو لە ناوچەی تیمار درا لە باشووری شاری هەولێر، هەروەها بڕیار درا بە گەیاندنی خزمەتگوزاریی کارەبا و ئاو و ئەمنییەت و هێنانە ناوەوەی کەرتی تایبەت بۆ زیاتر گەشەپێدانی ناوچەی پیشەسازیی تیمار.


هەر لە کۆبوونەوەکە بە وردی گفتوگۆ کرا سەبارەت بە گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی و هاندانی سەرمایەداران و کۆمپانیا و وەبەرهێنەران لە هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی پیشەسازی بە رەخساندنی زەمینەسازی لە ڕووی یاسایی بۆ ڕاپەڕاندنی کارەکانیان بە گشتی، هەروەها گەیاندنی خزمەتگوزاریی تەواو بۆ ناوچەی پیشەسازی تیمار کە لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری دروستکردنی درا.


ناوچەی پیشەسازیی تیمار لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستانەوە بە هاووڵاتییان دراوە بۆ ئەوەى کارگەى گەورە ومۆدێرن بونیاد بنێن، ناوچەكە لەسەر رووبەرێکى یەکجار فراوان بونیاد دەنرێت و دەکەوێتە باشوورى شارى هەولێر لەسەر رێگاى سەرەکى نێوان کەرکووک – مەخمور.