چـالاکی

وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پرسی ئاوی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێری تاوتوێ كرد


وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار پرسی ئاوی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێری تاوتوێ كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 28ی ئۆكتۆبه‌ری 2019 به‌ڕێز ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێری كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یدا له‌گه‌ڵ جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ و به‌ر‌پرسانی سه‌رجه‌م به‌شه‌كان، به‌ وردی پرسی خزمه‌تگوزاریی ئاوی سه‌رجه‌م قه‌زا و ناحیه‌ و گونده‌كانی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاوی ده‌وروبه‌ری پارێزگای هه‌ولێری تاوتوێ كرد، به‌ مه‌به‌ستی دابینكردن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ئاو و داواكاری ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی‌ داواكارییان هه‌یه‌.

هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ڕێز وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار سوپاسی ئه‌ندازیاران و فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ی كرد له‌ پای ئه‌و خزمه‌ته‌ زۆره‌ی پێشكه‌شیان كردووە.

به‌ڕێز وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌‌ پێویسته‌ رێگه‌ نه‌درێت زێده‌ڕۆیی له‌سه‌ر سامانی ئاو بكرێت، هه‌روه‌ها گوتیشی: ده‌بێت كار بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی پێوه‌ری ئاو بۆ هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ ببه‌سترێت كه‌ تا ئێستا پێوه‌ریان بۆ نه‌به‌ستراوه‌، هاوكات جه‌ختیشی كرده‌وه‌ ده‌بێت ئه‌و پرۆژه‌ و بیره‌ ئاوانه‌ی پێویستییان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌یه، نۆژه‌ن بكرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ گه‌یاندن و جێبه‌جێكردنی خزمه‌تگوزاری ئاو بۆ ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ پێویسته‌ ئاویان بۆ بچێت یان كێشه‌یان هه‌یه‌، به‌ تایبه‌تی ئه‌و بیرانه‌ی له‌ كاركه‌وتوون، ده‌بێت چاكبكرێنه‌وه‌‌.

به‌ڕێز ساسان عه‌ونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزاری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وێڕای جه‌ختكردنه‌وه‌ له‌ خزمه‌تكردن و پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ئاو، هاوكات داواشی كرد پێویسته‌ كوالێتی ئاو به‌رز بكرێته‌وه‌، ئه‌ویش به‌ خاوێنكردنه‌وه‌ی تۆڕه‌كانی ئاو و به‌كارهێنانی كلۆر و شه‌ب و هه‌موو ئه‌و پێداویستییانه‌ی بۆ خاوێنی ئاو پێویستن، ده‌بێت له‌ كاتی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزاری ئاودا به‌ ته‌واوی ره‌چاو بكرێت له‌ پێناو پێشكه‌شكردنی باشترین خزمه‌تگوزاریی ئاو بۆ هاووڵاتییان.