چـالاکی

كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی قشڵه‌ی كۆیه‌ی كرد

كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی قشڵه‌ی كۆیه‌ی كرد

ستیڤ فه‌یگن، كونسوڵی گشتیی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی قشڵه‌ی كۆیه‌ی كرد و به‌شه‌كانی قشڵه‌كه‌ی به‌سه‌ر كرده‌وه، له‌ میانه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یدا به‌های ئه‌و شوێنه‌ كولتووری و شوێنه‌وارییه‌ی به‌ بایه‌خ له‌ قه‌ڵه‌مدا‌.

ستيڤ فه‌يگن، كونسڵى گشتیى ئەمه‌ريكا لە هەرێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی بینین و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاشنابوون به‌ شوێنه‌واره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ یاوه‌ری قائیمقامی كۆیه‌، سه‌ردانی قشڵه‌ی كۆیه‌ی كرد و بەشە جياجياكانى قشڵەكه‌ی بەسەر كردەوە.

شایه‌نی باسه‌ بەڕێوەبەر و فەرمانبەرانی فەرمانگەی شوێنەواری کۆیە، وێڕای پێشوازی لێكردنیان، هاوكات یاوه‌ریان كرد و ژمارەیەک ناوچەی شوێنەواری و خانووی کەلەپوری شارەکەیان بەسەر کردەوە.  كونسوڵی گشتی ئه‌مه‌ریكا تیشکی خستە سەر گرنگی و بەهای ئەو شوێنانە كولتووری و شوێنه‌وارییانه‌ و بەڵێنی هاوکاری دا بە مەبەستی نۆژەنکردنەوە و پاراستنی شوێنه‌واره‌كانی هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌م قشڵه‌یه‌ له‌ سه‌رده‌می عوسمانییه‌كان دروستكراوه‌، له‌سه‌ر به‌رزاییه‌ك (گردێكی پان) كه‌ رووبه‌ری 2400م2 زیاتره‌ و ده‌كه‌وێته‌ ناو سه‌نته‌ری شاری كۆیه‌ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر، به‌لای رۆژئاوای سه‌نته‌ری كۆیه‌.

قشڵه‌كه‌ رووی ده‌ره‌وه‌ی له‌ شێوه‌ی قه‌ڵا دروستكراوه‌، له‌ هه‌ر چوارلادا قوڵه‌ی شه‌ڕ و به‌رگری بۆ دانراوه‌. له‌ هه‌ندێك شوێنیشدا، بینانه‌كه‌ دوو نهۆمه‌. له‌ به‌شێكی مۆزه‌خانه‌ی كۆیه‌ دانراوه‌، له‌ لایه‌كی دیكه‌ش گه‌له‌ری هونه‌ری هه‌یه‌. قشڵه‌ی كۆیه‌، جگه‌ له‌وه‌ی شوێنێكی گه‌شتیاری و شوێنه‌وارییه‌، هاوكات له‌ بۆنه‌ی هاوسه‌رگیریشدا ئاهه‌نگی تێدا ده‌گێڕدرێت و خه‌ڵكێكی زۆر سه‌ردانی ده‌كه‌ن.