چـالاکی

وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بەشداری لە كۆنفرانسی (كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، هاوبەش بۆ ئاشتی و بووژانەوە) كرد

ئەمڕۆ دووشەممە 14ی ئۆكتۆبەری 2019 لە شاری هەولێر، كۆنفرانسی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ ئاشتی و بووژانەوە به‌ڕێوه‌ چوو. كۆنفرانسەكە ئەنجوومەنی بزنسی ئەمەریكا-كوردستان و نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئەمەریكا و كونسوڵگەریی ئەمەریكا و زانكۆی كوردستان پێی هەستابوون.


بەڕێز ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پانێڵێكی كۆنفرانسەكەدا سەبارەت بە گرنگیی كەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوار و برەودان بە بووژانەوەی ئەو كەرتانە، گوتارێكی پێشكەش كرد و رای گەیاند: حكومەتی هەرێمی كوردستان وەك سێكتەرێكی گرنگ لە كەرتی گەشتوگوزار دەڕوانێت و بەردەوام بایەخی پێ داوە و بایەخی زۆرتریشی پێ دەدات.

لە بەشێكی دیكەی وتارەكەیدا، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختیشی كردەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان كار دەكات بۆ زیاكردنی دەرفەتی كار بۆ گەنجان لە رێگەی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاكاندا وەك پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتوگوزار.


بەڕێز ساسان عەونی هەر لە پانێڵەكەدا راشی گەیاند: هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی سەرنجڕاكێشی گەشتیارییە كە بە جوانیی سرووشت و رەسەنێتیی كولتوورەكەی دەناسرێتەوە، ناوچەیەكە بە سرووشت و مێژوو تێیدا تێكەڵاون. گوتیشی: ژمارەی كۆمپانیا گەشتیارییەكان لە ساڵی 2007 بریتی بوون لە 117 كۆمپانیا و لە ساڵی 2018 گەیشتووەتە 483 كۆمپانیا. هەروەها راشی گەیاند: وەبەرهێنانی گەشتیاری بریتییە لە 6،696 ملیار دۆلار و 14%ی كۆی رێژەی وەبەرهێنان بووە.

هه‌روه‌ها به‌ڕێز وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار، ئاماری به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی گه‌شتیارانی هه‌رێمی كوردستانی بڵاو كرده‌وه‌ و رای گه‌یاند: رێژه‌ی گه‌شتیاران له‌ 2007دا 377،397 بووە، به‌ڵام ئەم ڕێژەیەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان بەرز بووەتەوە و له‌ ساڵی 2018دا گەشتووەتە 3،057،642 سێ ملیۆن و په‌نجاو حه‌وت هه‌زار و شه‌شسه‌د و چل و دوو هه‌زار گه‌شتیار.


سەبارەت بە پڕۆژە گەشتیارییەكانیش گوتی: تارگێتی پڕۆژە گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان بە هەموو جۆرەكانییەوە پێك هاتوون لە گەشتیارانی ناوخۆی كوردستان و گەشتیارانی شارەكانی تری عێراق، هەروەها گەشتیارانی وڵاتانی دەوروبەر و لەبارەی ئاسانكاری بۆ گەشتیارانیش گوتی: بوونی دوو فڕۆكەخانە و تۆڕێكی فراوانی رێگاوبان بۆ زۆربەی ناوچە گەشتیارییەكان ئاسانكاری زۆریان كردووە لە كەرتی گەشتیاریدا. هاوكات بەڕێز وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار جەختیشی كردەوە لەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كارنامەی خۆیدا، بایەخێكی زۆر بە كەرتی گەشتوگوزار و شوێنەوارەكان دەدات لە پێناو بوژانەوەی كوردستان.